خۆزگه‌ ڕێبه‌رانی کورد،

ئازایه‌تی جوله‌که‌یه‌کیان هه‌بایه‌!

 

جه‌عفه‌ری تیکانته‌په‌

    18/11/2007

 

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر شیمون پرێز سه‌رۆک کۆماری ئیسرائیل له‌ وڵاتی تورکیا له‌ به‌ر چاوی زه‌قی شوینیستانی تورک دا ، که‌ بۆ پێک هێنانی ئاشتی له‌ نێوان ئه‌وان و فه‌له‌ستینیه‌کاندا ، میوانداریان بوون وتی : " کورد مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت ".  ئه‌مه‌م که‌ بیست هه‌ستم به‌ شه‌رمه‌زاریه‌کی قوڵ کرد . شه‌رم نه‌ک له‌ ئاست هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه‌ ، به‌ڵکو له‌ کز‌بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوان ڕێبه‌رانی سیاسی کورد دا . ڕێبه‌رانێک که‌ سه‌ری زمان و بنی زمانیان له‌ هه‌ر کۆڕ و چاوپێکه‌وتنێکدا سوێنده‌ به‌ یه‌کیه‌تی و یه‌کپارچه‌یی وڵاتانی داگیرکه‌ر ، له‌ عه‌ره‌ب تازی تر ، له‌ فارس ئێرانی تر و له‌ تورک تورانی ترن ، ئه‌مه‌ له‌ حاڵیکدا که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ هێچیش ناژمێردرێن ، له‌م سیاسه‌ته‌ی کاسه‌ له‌ ئاش داغتری ئه‌مانه‌ شه‌رم ئه‌مگرێ .

ڕێبه‌رانێک ، که‌ کاتی ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوڵه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی داگیرکه‌ر ، خۆ ئه‌گه‌ر زمانی ڕخنه‌یه‌کی بچوکیشیان نیه‌ ، به‌ڵکو بێده‌نگیش نابن . نه‌ک هه‌ر له‌ لایه‌ن خۆیان و حیزبه‌کانیانه‌وه‌ به‌ڵکو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی کوردیشه‌وه‌ به‌ قه‌دو باڵا و ده‌ستی هه‌تا بن هه‌نگڵ سووریان هه‌ڵده‌ڵێن و ده‌یڵێنه‌وه‌ :" کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئه‌مه‌کناسه‌ قه‌ت چاکه‌ و جوامێری ئێوه‌ له‌ بیر ناکات "!! مرۆڤ له‌م چه‌شنه‌ دیپلۆماسیه‌ شه‌رم ده‌یگرێ .

کاتێک که‌ مه‌جبور ئه‌بن و لێیان ئه‌بێته‌ کورده‌ناموسی و ئه‌بێت باسێک له‌ سه‌ربه‌خۆیی کورد بکه‌ن ، به‌ په‌له‌پڕوزه‌ و بێ ێه‌ک و دوو‌ ده‌ڵێن "به‌ڵام ئێستا، هه‌لومه‌رج له‌ بار نیه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ !!! له‌م سیاسه‌تی شه‌ل نیه‌ و پای شکاوه‌ی ئه‌مان سه‌رم سوڕ ده‌مێنێ .

خۆزگه‌ بۆ جارێکیش بوایه‌ ، هیمه‌تیان بنوانایه‌ و ڕاشکاوانه‌ ئه‌م " هه‌ل و مه‌رجه‌ ناله‌باره‌یان "که‌ ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م پێک هاتنی مافی سه‌ربه‌خۆیی ، بۆ خه‌ڵکی کوردیان شی بکردبایته‌وه‌ ، تا ده‌رکه‌وتایه‌ ئه‌م ئاسته‌نگانه‌ چین ؟ کۆمه‌ڵایه‌تین ، ئابورین، سیاسین یان نێوده‌وڵه‌تین ؟

هه‌مو ئه‌زانین که‌ کورد پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه‌ ،مێژوی سیاسی و جوغرافی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ،له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئاشتیخوازه‌ ، تینوی دیموکراسیه‌ ، خولقێنه‌ری ڕێکخراوی مه‌ده‌نیه‌ ،توند و تیژی ئایینی تێدا نیه‌ ،ڕاده‌ی خوێنده‌واری نزم نیه‌، ته‌رکیبی جه‌معیه‌تی پیر نیه‌، وڵاته‌که‌ی پر پیت و سامانه‌ ،سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌ ، کانی نه‌وته‌، کانگای ده‌غڵ و دانه‌ ،شوێنی زۆر له‌باره‌ بۆ ئاژه‌ڵداری و سه‌یران. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌یه‌ که‌ هێشتا نه‌ناسراون و ده‌سیان لێ نه‌دراون . ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌یه‌کی دیموکراتیک و دوور له‌ گه‌نده‌ڵی تێدا دابمه‌زرێ ، شه‌ریکه‌ گه‌وره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ فیتویه‌ک له‌و سه‌ری دنیاوه‌ دێن و زانست و تکنیک و سه‌رمایه‌یان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ . ئه‌ی چین ، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ کامه‌ن ؟ خه‌ڵک خۆی حه‌ز به‌ سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌ن ؟ ده‌با باسێك له‌ ڕفراندۆم بکه‌ن ، ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تایی و زه‌وتکراوه‌ که‌ هیچ حیزبێکی کوردی له‌ هیچ به‌شێکی کوردستان به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ڕه‌وا نابینن و به‌ خه‌یاڵیش توخنی ناکه‌ون، ده‌با بیگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو خه‌ڵک تا بزانن چه‌ندێک و تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌ ڕاستیه‌کان دوورن .

ئه‌ڵێن هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی له‌بار نیه‌ ؟ قه‌ت بووه‌ هه‌تاکو ئێستا کو‌رد هه‌لێ ئاوای بۆ ڕه‌خسابێت؟ ئه‌وه‌نیه‌  دوژمنانی سوێند خواردوی کورد له‌ هه‌ر چوارلاوه‌ ددان چیڕ ئه‌که‌نه‌وه‌ و خۆیان ئه‌خۆنه‌وه‌ و ناوێرن هێرشمان بکه‌نه‌ سه‌ر ،ئه‌مه‌ نه‌ک له‌به‌ر هێزی حیزبه‌کانه‌، به‌ڵکو له‌ ترسی زلهێزه‌کانه‌ .

بێجگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی ڕێبه‌ران خوڵقاندنی هه‌لومه‌رجه‌ یان گنخاندنیان سزاواره‌ هه‌ڵه‌کانی دوای شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌م دوباره‌ و سێ باره‌ بکرێنه‌وه‌ ؟

ئه‌کرێت بۆ تاقه‌ جارێک ئه‌م "هه‌ل و مه‌رجه‌ ناله‌بارانه‌" به‌ ئاشکرا و به‌ ڕاشکاوی نه‌ک له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ،به‌ڵکو به‌ تێرو ته‌سه‌لی بۆ خه‌ڵک شی بکه‌نه‌وه‌ هه‌تا بزانین کێن و له‌ کوێ وه‌ستاون ؟