به‌ ناوی كوردستانی گه‌وره‌ !

ح. س . سۆران

soransa@hotmail.com

1989

ده‌رده‌ كورد  - تابلۆ مووزیكاڵ :

 

نه‌خۆشی دنیا گه‌لێکن ، هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێكن،ناوی هێندێکیان ئه‌مانه‌ن، كه‌ ده‌ردی  سه‌ختی زه‌مانه‌ن: گرانه‌تێ  و شه‌پڵه‌ و هاری، شێرپه‌نجه‌ و گولی و فێداری، تاعوون  و سیل  و لاڕه‌شه‌، هه‌زار په‌تای دیكه‌ش هه‌شه، كه‌ ناسراوی پزیشكانن، زۆریان دڕن و بێ ده‌رمانن، بڕێکیش سووك و ئاسانن، به‌ڵام ده‌ردێك نه‌ناسراوه‌،  نه‌ له‌ كتێباندا نووسراوه‌ و نه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌، که‌ ناوی ئه‌و  ده‌رده‌ كورده‌، ده‌ردی هۆزی كاوه‌ی گورده‌، ده‌ردی لاو و پیر و ورده‌ ، نه‌ك له‌ جێیه‌ك ،له‌ پێنج جێیه‌، له‌ چوار گۆشه‌ی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌، هه‌ر جێ ده‌ردی خۆی به‌ جوێیه‌‌!

 

ئه‌م وڵاتی كوردستانه‌، به‌هه‌شتێکی گه‌وره‌ و پانه‌، پانی پێنج هێنده‌ی لوبنانه‌، زێدی مرۆڤی چازانه‌، به‌رجه‌وه‌ندی جۆراوجۆره‌، تایبه‌تمه‌ندی زیاد و زۆره‌: لێڕه‌واره‌‌، کێڵگه‌‌ و هه‌رده‌، بۆ زه‌نوێری و ته‌رزی فه‌رده‌، زه‌رده‌، به‌رده‌، قه‌ڵای مه‌رده‌، به‌ڵام مینگه‌ی غه‌م و ده‌رد و ئاخی سه‌رده‌ .

 

هه‌رێمێکی زۆر عه‌جیبه‌، شانۆی ده‌گه‌شه‌و فه‌ریبه‌، خه‌ڵووز سپی، به‌فر ره‌شه‌،جه‌معی دو له‌گه‌ڵ دو شه‌شه‌، گه‌لاوێژ سیس ودامردوو، قالۆنچه‌ چاوانی گه‌شه‌، زۆر شت هه‌یه به‌ڵام نیه‌، كه‌م شت نیه‌، كه‌چی هه‌شه‌، له‌ قوم گوم بێ گوێره‌كه‌یه‌ك،ئه‌و رۆژه‌ عازیه‌تی مه‌شه‌!

 

ئه‌م وڵاته‌ چاكه‌ پاكه‌، ئه‌م خه‌زێنه‌ی خاكه‌ تاكه‌، پێشینه‌ی روون و رووناكه‌، له‌ سه‌ری چه‌ن داعبای دڕن، خه‌ریك كێشه‌و مشت و مڕن، دۆست و دوژمن هه‌ڵئه‌دڕن، زۆرداری دژی  قه‌باڵه‌، مه‌نتیق له‌لای ئه‌و به‌ تاڵه‌، دوژمنی  قانوونی ژینه‌، كه‌نگێ گوێی له‌ خاوه‌نماڵه‌!

 

له‌ ولاتی من - له‌ قه‌ڵاتی خه‌باتی من، حه‌ق ناحه‌قه‌ ، نا حه‌ق حه‌قه‌ ، یاسا لاره‌، ته‌قه‌و له‌قه‌ ، جێگه‌ی له‌قه‌ و ته‌قه‌ و شه‌قه‌، خه‌ڵک دیلن ، وا زه‌لیلن ، یه‌خسیری دیلی زنجیرن .

 

له‌م كێوانه‌، گورگ شوانه‌، پارێزه‌ری ره‌وه‌ و رانه‌، په‌ری پیسه‌،درنج جوانه‌، تیغه‌ڵه‌ كول له‌مه‌یدانه‌، شیری ژیان له‌ كالانه‌، شێری ژیان له‌ نێولانه‌ ، وه‌ستا ژێرده‌ستی شاگرده‌، كه‌سایه‌تی وا شكاوه‌ ، ورد و پرده‌ .

 

له‌ دیاری من جاشان باشن، باشیش جاشن، هه‌ر چی جاشه‌، ده‌م هه‌راشه‌، ئه‌وه‌ش باشه‌ ته‌ژه‌ماشه‌،  ته‌رد كراوه‌، ده‌ربه‌ده‌ره‌، پڕكه‌سه‌ره‌ ، یا له‌ كێوه‌ و جێی ئه‌شكه‌وت و چۆڵ و تاشه‌ .

 

له‌م وڵاته‌، نامه‌رد مه‌رده‌، مه‌رد نامه‌رده‌، پیاوی ئه‌مین وه‌ها ته‌رده‌، چه‌وساوه‌یه‌ وه‌كو به‌رده‌، دۆزینه‌وه‌ی هه‌رداوهه‌رده‌ ، سه‌رۆكی مه‌ن دز و جه‌رده‌، ئه‌وه‌ی مه‌رده‌، به‌شی جه‌وره‌، چاره‌نووسی كێشه‌و ده‌رده‌ .

 

هه‌ر كه‌س ئه‌دیب و زانایه‌، تۆپه‌وانه‌ له‌ ده‌میایه‌، به‌ عاسته‌میش ده‌نگی نایه‌، ماموه‌ستای ساخته‌گیش زۆرن، به‌ڵام زۆربه‌ی پیاوی بۆرن، هێندێ منداڵی خۆخۆرن، بڕێك چرچ و زۆر نه‌خۆرن، هێندێ مۆڕ و  بێ هونه‌ر و له‌نده‌هۆرن .

 

دڵسۆز  دوژمن به‌ میلله‌ته‌، سیخوڕ خاوه‌نی عیززه‌ته، داشدای مه‌ن چه‌ته‌ و مه‌ته، ئه‌وه‌ی زیته‌ و بلیمه‌ته‌، خراوه‌ته‌ ژێر سه‌وه‌ته‌، نابیغه‌ش بێ ته‌رد و ره‌ته‌ یا به‌شی و په‌ته‌، حاڵی زاره‌، ژینی ژاره‌،  ژاری  ماره‌ .

 

له‌م وڵاتی رۆژهه‌ڵاته‌ زمان هه‌یه، زمانی كۆنی ئه‌م گه‌له‌یه‌، هێنده‌ كۆنه‌ كه‌س نازانێ هینی كه‌یه، به‌ڵام حه‌بس و قه‌ده‌غه‌یه‌، كۆتر و كه‌و باشترن له‌و، ئه‌زانی بۆ؟ - پاكی ئه‌دوێن به‌ زمانی خۆ، ئازادترن، له‌ هه‌زاری وه‌ك من و تۆ .

 

له‌م محاڵه‌، ژین محاڵه‌، قوڕ و قه‌پی قه‌ڕن و ساڵه‌، زاڵم زله‌، زوڵم زاڵه‌، خه‌ڵك جوڕه‌ن ، ئه‌ویش داڵه‌، زمان تورموز، قه‌ڵه‌م له‌ به‌ند،  سانسۆر ئه‌كه‌ن ملقوتی  ره‌ند .

 

له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ گزه‌ باوه‌ ،مه‌كۆی جه‌رده‌ و چاووڕاوه‌ ، پیاوی دروست لێی قه‌وماوه، ناوی پیاوچاكان ئه‌زڕێنن، ریشه‌ی شه‌رافه‌ت ده‌ردێنن، شووشه‌ی كه‌ڕامه‌ت ئه‌شكێنن، به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌نووسن،  شێعری  ژاپۆنی  ئه‌خوێنن .

 

وڵاتی من پڕ سنووره‌، سه‌رحه‌دداتی جۆراوجۆره‌، یه‌ك نزیك و چواری دووره‌، چ له‌ملاوه‌، چ له‌ولاوه‌، داگیركه‌ر مه‌رزی داناوه‌، به‌ گۆتره‌ خه‌تتی كێشاوه‌، دوو لای سنوور هه‌ردو یه‌كن، هه‌ر خاكێكن ، له‌ گشت بابه‌تێكه‌و ته‌كن .

 

له‌م ولاته كوردان زۆرن ،چل میلێونن، جۆربه‌جۆرن، ره‌شن، كاڵن، مۆرن،  بۆرن، گا ئێرانی بێ وه‌جاخن، فارسن، تركن، تركی شاخن،  له‌ هێندێ جێگه‌ش عه‌ره‌بن، خولله‌س  قوڕه‌یشی نه‌سه‌بن، مه‌رزداری داوته‌ڵه‌بن، یه‌كجار سه‌یره‌، هه‌م فارس بی و هه‌م سامیش بی، گا ئه‌رمه‌نی و ترك و كوردی هه‌ورامیش بی .

 

له‌ وڵاتی من میوان خێوه‌، خیو دزیوه‌، له‌ كن میوان داعبای كێوه‌، خانه‌خوێكه‌ بێگانه‌یه‌، ئامانجی تیری تانه‌یه‌، عه‌جایه‌بی زه‌مانه‌یه‌، راستیه‌كی ئه‌فسانه‌یه‌، ئێمه‌ پاكمان كه‌ڵه‌شێرین، هه‌ر چه‌ند كه‌ڵین، هه‌ر چه‌ند شێرین، به‌ خۆخۆری یه‌كجار فێرین، سه‌قه‌ت به‌ یه‌كتر ئه‌وێرین، بۆ ته‌رازو وه‌ك پارسه‌نگین، هه‌ر كات ویستیان پیاوی جه‌نگین، وه‌ختێ وتیان وست و مه‌نگین، به‌پێی زه‌مان وا  ئه‌گۆڕێین، هه‌زار ره‌نگین .

 

له‌ وڵاتی من گریان باوه‌ ،ئه‌وه‌ش لاوه‌ و باوكی ماوه‌ و كۆسپێكیش له‌و  نه‌قه‌وماوه‌، دایم خه‌ریك زاری و قاوه‌، فرمێسكی چاو به‌ لێشاوه‌، بزه‌ی سه‌ر لێوان فه‌وتاوه‌، به‌زه‌ی نێو دڵمان سووتاوه‌، خه‌ڵك مۆن و له‌ڕ و شینن، سیپاڵ ره‌شن، خه‌ریك شینن، دایم غه‌رقی خۆ كوشتن و سنگ كوتینن .

 

له‌م هه‌رێمه‌ پیاو قاتیه‌، ئه‌ڵێن تاقه‌ پیاوڵك نیه‌، ئه‌گه‌ر بشبێ سه‌هیونیسته‌ یا سیخوڕه‌ یا كافره‌ و دینی شڕه‌، یا شه‌ڵواری پیسه‌ و دڕه، قه‌حتورریجاله‌ له‌م  نێوه‌، خه‌ڵكی پاكی جنن و منن و خێو و دێوه‌ .

 

هه‌موو دینێ جێگه‌ی رێزه‌، كوانێ رێگه‌ی قێز و بێزه‌، دینی ئێمه‌ لایان دێزه‌، به‌ ده‌گه‌شه‌و تێزه‌ی نێزه‌، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بیفه‌وتێنن، مێشكی هه‌موو بشۆنه‌وه‌ و گشتیان له‌ دین وه‌رچه‌رخێنن .

 

له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ جوانی نه‌نگه‌ -قافیه‌ ته‌نگه‌ - ئه‌وه‌ی مه‌نگه‌ و شۆخه‌و شه‌نگه‌، به‌شی جزیه‌ و زه‌بر و زه‌نگه‌، باری سه‌نگه‌، كاری له‌نگه‌، ئه‌مه‌ش وا دژوێن و پیسه‌، ریشی وه‌ك هینی ئیبلیسه‌، حاجاغایه‌ یا ره‌ئیسه‌، سه‌رده‌سته‌ی ده‌سته‌ی دزانه‌، وه‌ك خۆره‌یه‌،دژی كزان و بزانه‌ .

 

له‌م هه‌رێمه‌ بوختان زۆره‌، قسه‌ی سه‌یر جۆربه‌جۆره‌، میلله‌تی من شه‌ڕفرۆشن! تێ ئه‌كۆشن، ئاوردێنن، ئه‌یگیرسێنن، ئه‌چن له‌ به‌غدا و ئانكارا ماڵی خه‌ڵك ئه‌سووتێنن، سه‌ران ئه‌بڕن !، ئه‌خنكێنن، گازی خه‌رده‌ل ئه‌پرژێنن، له‌ سامه‌ڕا و به‌م و ئیزمیر، سه‌رباز ئه‌گرن، ئه‌نفال ئه‌كه‌ن، داگیر ئه‌كه‌ن یا حه‌شیمه‌ت ئه‌تارێنن.

 

له‌ دنیادا هونه‌ر به‌رزه‌، جێگه‌ی رێزی خه‌ڵكی عه‌رزه‌، هه‌ر چه‌ند لێره‌ش  فراوانه‌، به‌ڵام گوناح و تاوانه‌، دوژمنی كیژ و لاوانه‌، مه‌كڕوهه‌ به‌سته‌ و گۆرانی، چ بادینی، چ گۆرانی، چ سۆرانی، لێره‌ هونه‌ر ئه‌هریمه‌نه‌، نه‌گبه‌تیه‌ و لۆمه‌ و  په‌نه‌، گۆرانی ئێمه‌ نگریسه‌، دزراوی ده‌ستی تاتلیسه‌، هه‌ر چه‌نده‌ خه‌ڵكی بتلیسه‌ - چه‌ته‌یه‌كی خۆماڵیه‌ ، دزێکی پیس و خه‌بیسه‌ .

 

له‌وڵاتی من دز ئازاده‌ ، ئه‌وه‌ی چه‌وته‌ كه‌یفی شاده‌، ڵیاوی دروست نامراده‌، به‌رتیل ئه‌خۆن وه‌كو باده‌، زیندان جێی عیسانی چاكه‌، شه‌ره‌ف پیسه‌، پیسی  چاكه‌، جێگه‌ی خه‌ڵك وا گۆڕاوه‌، پاكی و پیسی تیكه‌ڵاوه‌ .

 

له‌م هه‌رێمه‌ كه‌ مه‌ڵبه‌ندی شه‌هیدانه‌،  شه‌هیدی ئێمه‌ شه‌یتانه‌، قاتێ جێگه‌ی رێزلێنانه‌، ئه‌وه‌ی ریشی گه‌زێ پانه‌، به‌ ناو ئه‌ڵێن موسوڵمانه‌، كه‌چی دوژمنی عیسانه‌، فاچه‌ڵفیچه‌، قسه‌ی قۆڕ و پووچ و هیچه‌ .

 

له‌م دیاره‌ ریش حاكمه‌،  ئه‌وه‌ی له‌ نێو ریشا قومه‌ یا كاشیه‌ و خه‌ڵكی قومه‌، وه‌كو دیزه‌، ده‌ست له‌ كه‌مه‌ر له‌ پشت میزه‌، ره‌ش و حیزه‌، قوڵته‌شه‌یه‌ و زۆر به‌ فیزه‌، شه‌و خه‌وی خۆی ئه‌ره‌وێنێ، به‌ هۆی به‌رده‌پێی قه‌زوێنێ، نێو چاوانی ئه‌شه‌مزێنێ یا ئیستیكانی لێ ئه‌گرێ و ئه‌یژاكێنێ، تا وه‌كو زاهید بنوێنێ، به‌ ده‌ستی خۆی روی ره‌ش ئه‌كا، خۆی ئه‌شقه‌ڕ و عه‌بره‌ش ئه‌كا .