پێڕەوی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان
ئامانج و ستراتیژیی نەتەوەیی و سیاسیی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ پەرەپێدانی هەست و بیروباوەڕی نەتەوەیی و بۆ زیندووکردنەوەی کەسایەتیی نەتەوەیی لای مرۆڤی کورد، بۆ ئەوەی خۆی بە کورد بزانێ و، کوردستان بە موڵک و خاکی خۆی بزانێت.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات لە پێناوی دەرکردنی داگیرکەران لە کوردستان، بە ڕێگەی دیپلۆماسی و خۆشکردنی زەوینەی گشتپرسییەکی سەرتاسەریی (ڕیفراندۆم) لە کوردستان بە سەرپەرشتی و چاودێریکردنی کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد لە مەترسیی قەلاچۆکردنی نەتەوەیی و کوشتاری بە کۆمەڵ و یەک لە دوای یەک و ڕاگویزانی بە کۆمەڵ و جەنگی بێ کۆتایی و داگیرکردنی سەربازی و سووکایەتی پێکردنی بەردەوامی و هەڵگرتنی چەوساندنەوەی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی لەسەر کورد. خەبات دەکات بۆ ستاندنەوەی هەموو ئەو نێوچە و مەڵبەندانەی کە بە پێی سیاسەتی شۆڤینیستانەی بە عەرەب و بە فارس و بە تورک کردنی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە زەوت کراون و، لە خاکی نیشتمان دابڕاون.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ سڕینەوەی هەموو شیواز و شوێنەوارێکی داگیرکەریی و پاشکەوتوویی لە کوردستان و، بەکارهێنانی سامانی نەتەوایەتیمان، بە تایبەتی نەوت، بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی کوردستان. هەروەها دابینکردنی دیموکراسی و یەکسانیی، لەسەر بناخەی بڕوابوون بە پلورالیزم و، جێبەجێکردنی ژیانێکی مرۆڤانە و ئازادانە و گوزەرانێکی بەختەوەرانە و سەربەرزانەی ئەوتۆ کە شیاوی مرۆڤی ستەملێکراو و خۆڕاگری کورد بێت.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان ڕێز و مافی یەکسان وەک هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئەو کەمینە گەلانە دادەنێ کە پێشینەیەکی کۆنی چەند هەزار ساڵەیان لە کوردستاندا هەیە و، خۆیان بە کوردستانیی دەزانن.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی بەندەکانی بڕیارنامەی مافی مرۆڤی جیهانیی لە کوردستان و، ڕێزگرتن لە هەموو بیروباوەڕێکی جیاوازی سیاسی و ئایینی و ڕەگەزی و چینایەتیی و هەروەها ژن بێت یان پیاو. کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەی کورد بە ڕێگەی پلورالیزم و دامەزراندنی سیستەمی پارلەمانتاریستی، هەڵبژاردنی ئازاد و نهێنی و دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەبات دەکات بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی ئاشتی و ئاسایش لەگەڵ گەلانی هاوسێ لەسەر بناخەی یەکسانی و بەرژەوەندیی هاوبەشی. کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان هەروەها ڕێز لەو پەیمان و ڕێککەوتنە جیهانییانە دەگرێ کە بۆ سوودی ئازادی و یەکسانیی مرۆڤن. بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە نێوچەکە و لە جیهاندا بە کارێکی پێویست دەزانێ.
لە پرنسیپەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
دینەمۆ و بزوێنەری هەموو ڕابوون و بزاڤێکی نەتەوەی کورد چ لە کۆن و چ لە ئێستا لە نێوەڕۆکی خۆیدا بە مەبەستی ڕزگاریی و سەربەستیی بووە و، هێنانی بیرۆکە و ئایدیۆلۆژیی دیکە نەیانتوانیوە و ناتوانێ ئەو ڕاستییە مێژوویییە لە ڕوخسار و نێوەڕۆکی بزووتنەوەکانی کورد بشواتەوە.
ناکۆکیی سەرەکی و بنەڕەتی لە کوردستان لە نێوان نەتەوەی کورد و دەوڵەتەکانی کۆلۆنیالیستی کوردستاندایە و، ئەم ناکۆکییەش بە گۆڕینی ڕژێمەکانی داگیرکەر یان بە بەشداریکردن لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕژێمانە و، هەوڵدان بۆ بە دیموکراتیک کردنی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان چارەسەر ناکرێ.
داگیرکەرانی کوردستان جگە لە بەکارهێنانی ژینۆساید و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کورد، هەروەها هەوڵیان داوە پێش بە ڕەوتی پێشکەوتن و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان بگرن. ئەم دواکەوتنەش بە ڕوخساری شار و گوند و هەموو نێوچەیەکی کوردەوارییەوە دیار و بەرچاوە. قەرەبووکردنەوەی ئەم دواکەوتنەش تەنێ بە یەکگرتنەوەی نەتەوەی کورد و بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان جێبەجێ دەکرێ.
کوردستان تێگەیەکی دێرۆکی و جوگرافیایی و فەرهەنگییە، دەست لە هیچ بەشێکی هەڵناگیرێ. هەموو هەوڵ و پەیمان و ڕێککەوتنێک کە بۆ پارچەکردن و ژێردەستەکردن و نێوخۆیی کردنی کوردستان بێت، دەدرێتە دواوە.
پێڕەوی نێوخۆییی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
بەندی ١ – نێوی کۆنگرە
نێو: کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لە نیشتمانپەروەران و دڵسۆزانی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد و لە هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازی کوردستانیی پێکهاتووە کە بڕوایان بە یەکگرتن و یەکسانی و ئازادی هەیە و، بۆ ڕزگاری و ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تێدەکۆشن.
بەندی ٢ – پێکهاتەی کۆنگرە
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بڕوای تەواوی بە پلورالیزم و بە دیموکراسیی ناوخۆیی هەیە و، هاوبیران و ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و هۆز و ئایین و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژییەکی سیاسیی ناو کۆمەڵگەی کوردەواریی پێک هاتوون.
بەندی ٣ – ئەندامێتی و نوێنەرێتی لە کۆنگرەدا
هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر بەم مەرجانەی خوارەوە دەتوانێ ببێتە ئەندامی کۆنگرە:
١- بە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەندامێتی و بە نووسراوە و بە نووسینی ناوی تەواوی خۆی دەتوانێ ببێتە ئەندامی کۆنگرە.
٢- تەمەنی لە ١٦ ساڵ کەمتر نەبێ.
٣- پێویستە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و ڕەوشت بەرز بێ. بڕوای بە پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆنگرە و بە دیموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان هەبێ.
٤- لەلایەن هاوبیرێکەوە یان کۆمیتەیەکی کۆنگرەوە بناسێندرێت.
٥- ئەندام و نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، دەبێ کورد بێ یان پەیوەندیداری یەکێک لەو کەمە گەلانە بێ کە لە کوردستاندا دەژین و پەیوەندیی قووڵیان بە کوردستانەوە هەیه.
٦- هەموو هاووڵاتییەک، ژن یان پیاو کە تەمەنی ٢٥ ساڵی بێت، دەتوانی خۆی بۆ نوێنەرێتیی کۆمیتەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێرێ.
٧- هەموو ئەندامێکی کۆنگرە، لە هەر ئاستێکدا بێت، لە کاتی دەنگداندا تەنێ یەک دەنگی هەیه.
تیبینی ١- ئەندامی کۆنگرە دەتوانی ئەندامی ڕێکخراوەیەکی سیاسیی کوردیش بێ، بە مەرجێ لەوبارەوە کۆنگرە و بەرپرسیاری کۆمیتەکەی خۆی لە کۆنگرەدا ئاگادار بکات.
تیبینی ٢- ئەو کەسانەی کە بە بێ ڕەوشتی و خراپەکاری ناویان زڕاوە یان بەڕامبەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و نەتەوەی کورد تاوان و خیانەتیان ئەنجامداوە، ناتوانن ببنە ئەندامی کۆنگرە.
بەندی ٤ – ئەرکەکانی ئەندامێتی
١- پێویستە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە بۆ بەجێگەیاندنی کار و ئەرکی پێسپێردراوی کۆنگرە تێبکۆشێ.
٢- نهێنییەکانی کۆنگرە بپارێزێ و، هیچ نهێنییەک نابی بدرکێنێ کە ببێتە هۆی زیان لە کۆنگرە و لە هاوبیرانی کۆنگرە و لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی.
٣- هەوڵی یەکگرتوویی و پتەویی ڕیزەکانی کۆنگرە بدات و، خۆی دووربگرێ لە دژایەتیی و ناکۆکیی نانەوە و دەستەگەریی.
٤- بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و ڕۆشنبیریی و نەتەوەیی خۆی تێبکۆشێ و بە بەردەوامی هەوڵی پێشخستن و پێگەیاندنی خۆی و هاوبیرانی بدات.
٥- ئابوونەی ساڵانەی بدات، بەو ڕێژەیەی کۆنگرە بۆی دیاری دەکات.
٦- لە دەزگە و ئۆرگانیکی کۆنگرەدا کار بکات.
٧- بەڕامبەر ماڵ و دارایی هاوبیرانی و کۆنگرە پاگژ و ڕاست بێ.
بەندی ٥ – مافەکانی ئەندام
ئا- لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەدا مافی بەشداربوونی هەیە.
ب- مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی هەیە.
ج- مافی پێشنیاز و ڕەخنەدەربرینی هەیە چ بە نووسراوە و چ بە دەمی.
د- دەتوانی بۆ چاکترکردنی کار و هەڵسوڕانی کۆنگرە و کەموکورتییەکانی کۆنگرە، بە نووسین بیروبۆچوونی خۆی ڕابگەیەنێ.
بەندی ٦ – لێپرسینەوە و سزادان
هەر ئەندامێکی کۆنگرە کە کاروئەرکی پێسپێردراوی خۆی بە باشی نەبات بەڕێوە، یان کارێکی وا بکات کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن لە کۆنگرە و لە هاوبیرانی، یان بەرژەوەندیی و بۆچوونی کەسیی خۆی بسەپێنێ بەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەی کورددا، یان هەوڵی سازکردنی دەستە و دەستەگەریی بدات و، کار و کرداری وا بنوێنێ کە ببێتە هۆی چاندنی تۆوی ناکۆکی و شێواندنی ڕیزەکانی کۆنگرە، ئەوا بەپێی ڕادە و جۆری تاوانەکەی سزا دەدرێ کە بریتین لە:
ئا- سەرکۆنەکردن بە دەمی و بە نووسراوە.
ب- لێسەندنەوەی بەرپرسیارەتی و دەسەڵات.
ج- هەڵپەساردنی لە کۆنگرە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە سەرۆکایەتیی کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات.
د- دەرکردنی لە کۆنگرە و، ئاگادارکردنی کۆمەڵانی گەلی کورد لە تاوانەکەی.
تیبینی ١- کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بەپێی پرنسیپی کوردستانیی و نەتەوەیی بەردەوام هەوڵی یەکگرتن و تەبایی دەدات لەنێو هەموو ڕێکخراوەی سیاسی و تێکڕای نەتەوەی کوردماندا و، ڕایدەگەیەنێ کە کاتی دەتوانین بۆ ئامانجە بەرزە بگەین کە هاوکارییەکی ڕاست و دروست و بە ئاشکرا پێکەوە بگرینە پێش. بۆیە بەکارهێنانی کاری ناڕاست و هەوڵدان بۆ دزەکردن و ناردنی ئەندامی حیزبی بە شێوەی نهێنی بۆ ناو ڕیزەکانی کۆنگرە، بە کارێکی ناڕاست و نانەتەوەییانە دەزانین و پاش ئاگاداربوون لە بابەتێکی وا، جگە لە دەرکردنی کەسەکە لە کۆنگرە، ناڕەزایینامەیەکیش بۆ ڕێکخراوەکەی بەڕێدەکرێ.
تیبینی ٢- دەرکردن لە کۆنگرە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی کۆنگرەدایە و، بەرپرسیارانی دەزگەکان دەتوانن بە ئاگادارکردنی سەرۆکی کۆنگرە ئەندامێک هەڵپەسێرن کە هەڵەیەکی ئەنجامداوە و، بڕیاری کۆتایی دەمێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆنگرە. بەرپرسیارانی کۆمیتەکانی کۆنگرە تەنیا دەتوانن ڕاپۆرت و بۆچوونی خۆیان لە بارەی ئەندامێکەوە کە هەڵەیەکی ئەنجام داوە، بە نووسراوە، نەک بە دەمی، بنێرن بۆ سەرۆکی کۆنگرە و، چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆنگرە بکەن.
بەندی ٧ – تەلاری ڕێکخستنی کۆنگرە
١- هاوبیر
٢- شانە
٣- کۆمیتە
٤- دەزگە
٥- سەرۆکایەتی
٦- کۆنفرانس
٧- کۆنگرە
هاوبیر لە لایەن شانە، یان کۆمیتە، یان هاوبیرێکی کۆنگرەوە بە کۆنگرە دەناسێندرێ.
شانە لە سێ تا پێنج کەس پێک دێ و، ڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسیاری کۆمیتەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێ. کۆبوونەوە و پێڕاگەیشتن بە کار و چالاکیی شانە و، ناردنی ڕاپۆرت بۆ بەرپرسیاری دەزگەی لێپرسراو، هەمووی لە لایەن بەرپرسیاری کۆمیتەکەیەوە بەڕێوە دەبرێ.
– کۆمیتە
بەرپرسیارانی کۆمیتەکانی کۆنگرە لە هەڵبژاردنی ئازاد و نهێنیی شانەکان و ئەندامانی کۆمیتەکاندا هەڵدەبژێردرێن. بەرپرسیاری دەزگەی لێپرسراو، پێویستە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بێ. بەرپرسیارانی کۆمیتەکانی کۆنگرە بەنێوی کۆنگرەوە لە بۆنە و ڕێوڕەسمی نەتەوەیی و سیاسیی نێوچەی خۆیاندا قسە دەکەن و وتار دەخوێننەوە و، نوێنەری کۆنگرەن لە نێوچەی خۆیاندا. بۆ پێشخستنی ئامانجی کۆنگرە پەیوەندیی دەگرن بە هەموو ڕێکخراوە و کەمایەتیی ئایینی و نەتەوەیی و، هەموو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرەوە، بەبێ جیاوازی. بەرپرسیارانی کۆمیتەکان پێویستە نموونەی پاکی و ڕاستی بن و، کردەوە و وتەیان نموونەی مرۆڤێکی بەرز و بەڕەوشتی نەتەوەیی بێت و، هەردەم بۆ گەشە و پەرەسەندنی بیروباوەڕی کۆنگرە و بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێبکۆشن. نوێنەرانی کۆنگرە دەبێت بە کردەوە هاوبەشیی بکەن لە بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستاندا بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی سەربەخۆ لە کوردستاندا. لەسەر نوێنەران پێویستە بەشداری بکەن لە شیکردنەوەی سیاسەتی نیشتمانی و ڕۆشنکردنەوەی چالاکییەکانی کۆنگرەدا، بۆ هاووڵاتیان و یارمەتیدانیان بەپێی توانا.
ڕۆڵی کاری کۆمیتەکان پاش دامەزراندنی یەکەم حکوومەتی نیشتمانیی کوردستان تەواو دەبێ و، ئەندامانی کۆمیتەکان بەپێی ڕادەی زانست و پسپۆڕییان، کاریان پێدەدرێ و ساڵانی چالاکی و تێکۆشینیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەرچاو دەگیرێ.
دەزگەکانی کۆنگرە
لە بارودۆخی ئێستەدا دەزگەکانی کۆنگرە بریتین لە:
دەزگەی پەیوەندیی دەرەوەی کۆنگرە، دەزگەی ڕاگەیاندن، دەزگەی دارایی، دەزگەی ڕێکخستن، دەزگەی پەیوەندیی ناوخۆیی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریی و ئایینی، دەزگەی ژنان، دەزگەی سکرتاریەتی، دەزگەی پەروەردە و ڕۆشنبیریی. هەروەها دروستکردنی کۆمیتە و دەزگەی دیکە بەپێی پێویست.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان چۆن دەڕوانێتە کێشەی ژنان
بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایەک و، سیاسەت و فەرهەنگ و پیلانگێڕانیی داگیرکەرانی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، کاریان کردووەتە سەر شێواندنی بنەمای فەرهەنگ و شارستانیەتی هەزاران ساڵەی کورد و، نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکی زۆر بەڕامبەر بە ژنان، کۆمەڵگەی کوردەواریشی گرتووەتەوە و، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مافەکانی سروشتیی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا لەلایەن پیاوانەوە پتر پێشێل دەکرێن. هەر لە کەونارانی کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ ئەرک و قورسایی هەرە زۆری ڕاپەڕینەکانی کورد بەسەرشانی ژنانی کوردەوە بووە. ژنانی کورد وەکو پیاوان لە ناو سەنگەری بەرگریی بەڕامبەر پەلاماری سوپای بێگانە، پارێزگارییان لە نیشتمانەکەیان کردووە. بە هەزاران ژن و کچی کورد لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە کراون و گولەباران کراون، ئەنفال و بۆمبابارانی شیمیایی کراون و، سەرباری ئەمانەش ئەرکی نێوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵیان بە ئەستۆوە بووە، بەڵام ئەمانە هیچیان نەبوونەتە هۆی باشتربوونی کێشەکەیان لەنێو کۆمەڵدا، کە ئەمەش گەر بە ڕوانگەیەکی مرۆڤانەوە لێکبدرێتەوە، جگە لە کۆیلەکردنی ژنان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لەلایەن پیاوانەوە، ناتوانرێ هیچ ناوێکی دیکەی لێ بنرێت.
حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، ئەگەرچی لە پڕۆگرامی حیزبییاندا لە بەشداربوونی ژنان و، لە یەکسانیی ژن و پیاوەوە دواون و، هەریەکەیان ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە ژنانی لەنێو حیزبەکەی خۆیدا ساز کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان لە سازکردنی ڕێکخراوەی ژنان بۆ پڕۆپاگەندەی حیزبەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە و، سەرکردایەتیی حیزبەکان هیچ پەروەردەیەکی دیموکراسیانەیان بۆ ئەندامەکانی خۆیان نەبووە و هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ نەداون تا بۆ لابردنی ئەو نایەکسانییە کار بکەن. هەر بۆیە ڕێکخراوەی ژنانی سەر بە حیزبەکان جگە لە خوێندنەوەی وتاری سیاسیی لەبارەی حیزبەکەیەوە لە بۆنەیەکی ساڵانەی حیزبی و نەتەوەییدا، ئیدی نەیانتوانیوە باسێکی بنەڕەتی لە کێشەکەی خۆی بهێنێتە گۆڕێ و، بوونی ڕێکخراوەکەشی تا بۆنە و ڕێوڕەسمێکی دیکە لەبیر کراوە و پشتگوێ خراوەتەوە.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بە ڕوانگە و بیروباوەڕێکی نەتەوەیی و کوردستانییەوە، بڕوای پتەو و لەبننەهاتووی بەم ڕاستییە هەیە کە بەبێ بەشداریکردنی ژنانی کورد لە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیماندا، سەرکەوتن و ڕزگاریی نایەتە دی و، هەر حکوومەتێک بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ژنان لە کوردستان دابمەزرێ، حکوومەتێکی پاشکەوتوو و دیکتاتۆر و دژ بە ئازادی دەبێ. پێویستە ژنانی ڕۆشنبیر و پێشکەوتنخوازی کورد و کوردستانیی لەنێو کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستاندا لە دەزگەی سەربەخۆیاندا بۆ ناساندنی مێژوو و فەرهەنگ و شۆڕشی ڕزگاریخوازانەمان بە ژنانی کورد، کار بکەن و، لە هەموو بوارێکی ڕامیاری و ناڕامیاری بۆ پێشخستنی خەباتی نەتەوەکەمان بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵاتدا کار بکەن. پێویستە ژنانی کورد هەر لە ئێستەوە خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە پێبگەیەنن کە لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا، شانبەشانی پیاوان، هەر لە بەڕێوەبردنی کاری دەوڵەتداری و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، تا بەشداریکردن و کارکردن لەنێو سوپا و، دەزگەکانی خزمەتگوزاری و پیشەسازیی و سیاسەت و بازرگانی و ئابووریی وڵاتدا دەوریان هەبێ و کاری تێدا بکەن. بە کورتی ژنان نابی خۆیان تەنیا بە نووسینی مافەکانیان لەلایەن پیاوانەوە دڵخۆش بکەن، بەڵکو پێویستە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بۆ خۆیان بێنە پێشەوە و، بە کردەوە هەوڵ بدەن بۆی.
بەرپرسیاریەتیی دەزگەکان لە نێو کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستاندا
دەسەڵات پێدان و بەرپرسیارەتی وەرگرتن لە کۆنگرەدا، بەپێی نێوبانگی بنەماڵەیی و، هۆز و ئایینێکی تایبەتییەوە نییە، بەڵکو بە نیشاندانی لێوەشاوەیی و لەخۆبردوویی و کار و تێکۆشینی بەردەوام و خزمەتکردنی بیروباوەڕی نەتەوەیییەوەیە کە بە هاوبیر و ئەندامێکی کۆنگرە دەدرێ. بەرپرسیارانی دەزگەکانی کۆنگرە قاڵبووی خەبات و بیروباوەڕی نەتەوەیین و خزمەتکاری ڕاستەقینەی نیشتمان و گەلەکەیانن و، بە دڵێکی تەژی لە هەست و بیروباوەڕی نەتەوەییەوە هەردەم بۆ ڕزگاری و سەربەخۆییی کوردستان تێدەکۆشن. بەرپرسیارانی دەزگەکانی کۆنگرە لەلایەن سەرۆکی کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێن. بەرپرسیارانی دەزگەکان لانی کەم ساڵی دووجار لەگەڵ کۆمیتە و شانە و ئەندامەکانی خۆیاندا کۆدەبنەوە.
سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان!
سەرۆکی کۆنگرە بۆ پەیڕەوکردن و بەڕێوەبردن و پاراستنی سیاسەت و ئامانجی کۆنگرە لە دەرەوە و لە نێوخۆی کوردستان، پێویستە کوردێکی نیشتمانپەروەری ناحیزبی بێت و ئەرکەکانی بەمجۆرەیە:
سەرۆکی کۆنگرە لە هەموو بوارێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا بەناوی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانەوە قسە دەکات و، نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانە لە هەموو بوارێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا.
سەرۆکی کۆنگرە، لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کار و چالاکیی دەزگە و کۆمیتەکانی کۆنگرە دەکۆڵێتەوە و، ساڵی جارێک و بەپێی پێویست دەتوانی چەندین جار لە ساڵێکدا، لەگەڵ بەرپرسیارانی دەزگەکان بۆ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بەسەر کار و چالاکییەکانی کۆنگرە و لێکدانەوەی بارودۆخی ڕۆژی نێوچەکە و جیهان، کۆبوونەوە ڕێک دەخات و، کۆبوونەوەکان بەڕێوە دەبات.
سەرۆکی کۆنگرە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و هیچ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی و ناوچەیی و، هۆز و ئایین و عەشیرەتێکی کوردستاندا دانانێت. لە کاتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەکدا بەپێی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەی کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداو و ناکۆکییەکاندا دەکات.
سەرۆکی کۆنگرە بەبێ ئاگاداریی ئەندامانی سەرۆکایەتیی کۆنگرە و بەتەنێ لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا بەشداری ناکات و، هیچ ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلێک بە تەنێ مۆر ناکات.
سەرۆکی کۆنگرە پێویستە لەنێوخۆی کۆنگرەدا ڕێزی تەواو لە بیروڕای هاوبیرانی کۆنگرە و هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانیی بگرێ و، دیموکراسی و دەربرینی ئازادانەی بیروباوەڕ، چاوکانی کار و هەڵسوکەوتی بێ.
– کۆنفرانس
کۆنفرانس بە بەشداریی سەرۆکی کۆنگرە و بەرپرسیاری دەزگە و، کۆمیتە و نوێنەرانی کۆنگرە دەبەسترێ بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی کۆنگرە لە هەموو بوارێکی سیاسی و دیپلۆماسی و دەرەکی و ناوخۆیی، بە مەبەستی زەمینەخۆشکردنی بەستنی کۆنگرەی پێنجەم کە تایبەت دەبێ بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. پێش بەستنی کۆنگرەی پێنجەم، لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆنگرە، بەپێی پێویست دەتوانرێ چەند کۆنفرانسێک ببەسترێت.
– کۆنگرە
کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانە کە بە بەشداریکردنی هاوبیران و نوێنەرانی کۆنگرە لە ناوخۆ و لە دەرەوەی کوردستان و بە بەشداریی هەموو ڕێکخراوەی سیاسیی کوردی و کوردستانیی و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و نوێنەری کەمایەتیی ئایینی و نەتەوەیی و کوردستانیی، دەگیرێ. لە کۆنگرەدا چۆنیەتیی ڕێگەکانی گەیشتن بە سەربەخۆییی کوردستان و، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەدرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ. هەروەک لە بڕیارنامەی کۆتاییی کۆنگرەی چوارەمی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە، کۆنگرەی پێنجەمی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان هاوکات دەبێ لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. سەرۆکایەتیی کۆنگرە بۆ خۆشکردنی زەوینەی گەیشتن بەم ئامانجە بەرز و پیرۆزە چ لە نێوخۆی کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان لە هەموو بوار و شێوازێکی پێویست کەلک وەردەگرێ.
جڤاتی نائاساییی گشتیی ناوخۆیی
جڤاتی گشتیی نائاسایی کاتێک دەبەسترێ کە سەرۆکایەتی و زۆربەی بەرپرسیارانی دەزگە و کۆمیتە و هاوبیرانی کۆنگرە، لەبەر هۆیەکەی گرنگیی ناوخۆیی بەستنی جڤاتی نائاساییی گشتیی بە پێویست بزانن. جڤاتی نائاساییی گشتیی تەنێ لەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە کە بوونەتە هۆی پێکهێنانی!
– داراییی کۆنگرە
دارایی و بودجەی کۆنگرە لە ئابوونەی ئەندامان و ڕێکخراوەکانی ڕامیاری و ناڕامیاریی ئەندام لە کۆنگرە و، لە یارمەتیی نیشتمانپەروەران و، هاوبیرانی کۆنگرە پێک دێ. بودجەی دەزگە و کۆمیتەکان لەلایەن سەرۆکی کۆنگرە و بەرپرسیاری دەزگەی دارایی، بە پرس و ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسیارانی دەزگەکاندا دیاری دەکرێ.
ئابوونەی ئەندامان و، هەر جۆرە یارمەتییەکی ماڵی لەلای بەرپرسیاری کۆمیتە و دەزگەکان ڕاناگیرێ و، پێویستە بنێردرێ بۆ بەرپرسیاری دەزگەی دارایی. بەڵام ئەگەر کۆمیتەیەک بەهۆی بارودۆخی سیاسیی تایبەتەوە نەیانتوانی بەڕێی بکا، پێویستە بە نووسین، بەرپرسیاری دارایی لە چەند و چۆنیی داهات و دەرکەوتەکان ئاگادار بکاتەوە.
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان وەک ئاڵتەرناتیڤ و جیگرەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دانەمەزراوە، بەڵکو بە مەبەستی یەکخستن و پێکەوە گرێدان و بەهێزتر کردنی هێز و توانای هەموو ڕێکخراوەکان و، تێکڕای نەتەوەی کوردمان پێکهاتووە. کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بە پەیڕەوکردنی پرنسیپی نەتەوەیی و کوردستانیی، بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی ڕاستەقینەی نەتەوەیی پێکهاتووە. بەرەیەک کە تیایدا ڕێز لە سەربەخۆییی ڕێکخراوەیی هەموو ڕێکخراوەیەکی سیاسی بگیرێ، لە هەمانکاتیشدا پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی داڕێژرێ کە لە خزمەتی ئازادی و سەربەخۆییی کوردستاندا بێت.
ئەزموون و تاقیکارییەکانی خەباتی گەلان بە گشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی نیشانی داوە کە هیچ گەلێک نەیانتوانیوە لەژێر سێبەری شەڕی نێوخۆیی و دووبەرەکی و ناتەبایی و، ئەنجامدانی کردەوەی دژ بە دیموکراسی و ئازادیی، سەربەخۆیی و ڕزگاریی بەدەست بهێنێ. تەنانەت شۆڕشی ئەو گەلانەش کە بیری تاکەکەسی و تاکە حیزب و تاکە سەرۆک و، ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت بەسەریاندا زاڵبووە، پاش گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسیی، بۆخۆیان بوونەتە دیکتاتۆر و میری سەربڕ بەسەر نەتەوەکەیانەوە و، هەموو مافێکی سیاسی و مرۆڤییان پێشێل کردووە. نموونەی وامان لە جیهاندا زۆر هەن. بۆیە بە باوەڕی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی کاتی، باییخ و گرنگیی پەیدا دەکا کە تێیدا بە پلەی یەکەم بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەی کورد لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە دابنرێ. ڕێز لە هەموو بیروبۆچوونێکی سیاسی و ئایینی و کەمایەتییەک بگیرێ. هیچ ڕێکخراوە و حیزبێک هەوڵنەدا بەزۆر و بە کاری نادیموکراسیانە بیروباوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێ. بە کورتی هیچ سەرکەوتنێک نایەتە دی ئەگەر لە نێوخۆیدا دەستەبەریی دیموکراسی نەکات. ئەمانە مەرجی سەرەکین بۆ کارکردن لە نێو دەزگەیەکی نەتەوەیی وەکو کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستاندا و، هەر ڕێکخراوەیەکی ڕامیاری و ناڕامیاریی کوردی و کوردستانیی پێویستە بە هاتنی بۆ نێو کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، ئەم پرنسیپانە بگرێتە بەرچاو و بە کردەوە بەڕێوەی ببات.
لەم ڕوانگەوە کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئاگاداریی هەموو ڕێکخراوەی سیاسیی کوردی و کوردستانیی و بۆ هەموو کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکڕای نەتەوەی کوردمان، پلاتفۆرمی یەکگرتنی نەتەوەیی بەم شێوەیە کە لە خوارەوە هاتووە، بڵاو دەکاتەوە:
پلاتفۆرمی یەکگرتن و پێکهێنانی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان!
بەندی ١ – هەر ڕێکخراوەیەکى ڕامیاری کە دەبێتە ئەندام لەنێو کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستاندا، دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی سەرۆکایەتیی کۆنگرە و، نوێنەرێکی خۆی لەنێو کۆنگرەدا دەستنیشان دەکا.
بەندی ٢ – هەر ڕێکخراوەیەکى سیاسیی کوردی و کوردستانیی، بە قەوارە گەورە یان بچووک، کە دەبێتە ئەندامی کۆنگرە، لە کاتی دەنگدان و دەنگوەرگرتندا لەبارەی هەر کێشە و باسێکی سیاسیی تایبەتەوە، تەنیا یەک دەنگی هەیه.
بەندی ٣ – ڕێکخراوەکانی ئەندام پێویستە باوەڕی تەواویان بە دەستوور و پرنسیپەکانی کۆنگرە و، بە دیموکراسی و پلوڕالیزم هەبێ و، بەو ڕوانگەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆنگرە و ڕێکخراوەکانی دیکەدا بکەن و، بە کردەوە کاری بۆ بکەن.
بەندی ٤ – دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن: سەرۆکی کۆنگرە و بەرپرسیارانی دەزگەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ڕامیاری و ناڕامیاری و ئایینی و نوێنەرانی کەمایەتیی نەتەوەیی لە کوردستان و لە کەسایەتیی کورد و سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردستان و لە نوێنەری ژنان دادەمەزرێت.
دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان بۆ سەرپەرشتییکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان ئەم کۆمیتانەی خوارەوە دادەمەزرێنێ:
١- کۆمیتەی پەیوەندیی دەرەوە و دیپلۆماسیی دیاری دەکرێ تا بەنێوی هەموو نەتەوەی کورد و بە نێوی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستانەوە پەیوەندیی بکات بە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و، ڕێکخراوە سیاسی و مرۆڤییە نێونەتەوەییەکان و بە حکوومەتانی جیهانەوە بۆ ناسین و وەرگرتنی نوێنەرانی کورد لە لایان.
٢- کۆمیتەی داد و دادپرسی و مافی مرۆڤ دیاری دەکرێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوخۆییی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکان و، کێشەکانی نێو کۆمەڵ و، هەروەها بۆ بەسزاگەیاندنی داگیرکەرانی کوردستان کە بەڕامبەر نەتەوەی کورد تاوانی جینۆسایدیان ئەنجام داوە، بەپێی یاسای نێونەتەوەیی.
٣- کۆمیتەی دارایی پێک دەهێنرێ و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە کۆنگرەدا بەشێک لە بوودجەی چالاکیی دەزگە و کۆمیتەکان دابین دەکەن، بەو ڕێژەیەی کە دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان بۆیان دیاریدەکات.
٤- کۆمیتەی بەرگری و ئاسایشی نەتەوەییی کوردستان، لە ئەفسەران و، کەسانی شارەزا و پسپۆڕی کاروباری سوپایی پێک دێ و، پاش تێکەڵکردنی هێزی پێشمەرگەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە کۆنگرەدا، سوپای کوردستان دروست دەکرێ و، بە شێوەیەکی مۆدێرن، بە تەکنیک و شێوەی کاری سوپاییەوە پەروەردە دەکرێن. ئەم کۆمیتەیە بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان و جێگرەکانی، کاری خۆی دەبات بەڕێوە. لە کاتی بەستنی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دەزگەی ناوبراودا، پلانی کارەکانی سوپایی و بەرگری و ئاسایشی وڵات دادەڕێژرێ.
٥- کۆمیتەی ژنان، نوێنەرێکی ژێهاتی ژنان دەبێتە ئەندامی سەرۆکایەتیی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان. لە کۆمیتەکانی دیکەشدا بەپێی پسپۆڕی و زانایی و لێهاتووییان، بەرپرسیارەتیی و کاریان پێدەسپێردرێ. هەروەها دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان، لە جۆری ئەو چالاکییانە دەکۆڵێتەوە کە ژنان لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی لە بواری دیپلۆماسیدا دەتوانن ڕۆڵ و نەخشی کاریگەر بگێڕن.
٦- کۆمیتەی یاساناسانی کوردستان، گەڵاڵەی یاسای بنچینەیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامادە دەکەن و، لە ئاستی نێونەتەوەییشدا لەنێو کۆمیتە و ڕێکخراوەکانی مافناسیی وڵاتانی جیهاندا داوای پشتگیریکردن و چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای کورد دەکەن.
تیبینی ١- ڕێکخراوەکانی ئەندامی کۆنگرە، کە پەیوەندیی ڕامیارییان بە داگیرکەرانەوە هەیه، یان دەیانەوێ لە نێوچەکەی خۆیاندا بە داگیرکەرێکی کوردستانەوە لەبەر هۆی سیاسی و حیزبیی خۆیان پەیوەندیی بە داگیرکەرانەوە بکەن، پێویستە لەپێشدا جۆری پەیوەندیی گرتنەکەی لەنێو کۆمیتەی سەرۆکایەتیی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستاندا باس بکات تا ئەو پەیوەندیی گرتنەی نەبێتە هۆی زەرەر و زیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و، لە ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان و، زیان بە بەرژەوەندیی و پرنسیپی نەتەوەیی نەگەیەنێ.
تیبینی ٢- ڕێکخراوەکانی ئەندام لەنێو کۆنگرەدا، لە کاتی ڕوودان و سەرهەڵدانی هەر چەشنە ناکۆکییەک لەگەڵ یەکدی، کێشەکەیان بۆ باس و لێدوان دەهێننە نێو دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستانەوە و، لەنێو دەزگەدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەدەن و، بە هیچ جۆرێک نابێ پەنا بەرنە بەر چەک و بەکارهێنانی زۆروزەنگ و یارمەتیدانی سوپای داگیرکەر لە دژی یەکتر.
تیبینی ٣- گەر حیزبێکی ئەندامی کۆنگرە لەبەر بەرژەوەندیی حیزبەکەی خۆی، تووشی خیانەت بێ و، زیان بە نەتەوەی کورد بگەیەنێ، شەڕی نێوخۆیی بخاتە ڕێ و، هاوکاریی سوپای داگیرکەری کوردستان بکات لە دژی حیزبی دیکەی کوردیی یان پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا، پاش لێکۆڵینەوە و لە کردەوە و هەڵوێستی ناکوردانەی، لە ئەندامەتیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان و، لە ئەندامێتیی کۆنگرە دەردەکرێ و، نەتەوەی کورد لەوبارەوە ئاگادار دەکرێتەوە و، هەموو جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵدا ڕادەگیرێ تا ئەو کات کە بڕیار دەدا واز لە سیاسەتی چەوتی خۆی بهێنێ و، لە کردەوەی خۆی پاشگەز ببێتەوە. لەو کاتەدا پێویستە داوای ئەندامێتیی لە کۆنگرە و لە دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستاندا بکاتەوە و، داواکەی دەخرێتە بەر باس و دەنگدانەوە.
تیبینی ٤- ڕێکخراوەکانی ئەندام لە نێوچەکەی خۆیاندا هەموو چەشنە یارمەتییەکی پێویست دەگەیەنن بە هاوبیرانی کۆنگرە لە ناوچەکەیاندا بەپێی ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستاندا، لەسەر چەشن و جۆری یارمەتی و هاوکارییەکان ڕێکدەکەون.
سنووری دەسەڵاتی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان!
دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان بەرزترین دەسەڵاتی زاگۆندانانە لە کوردستاندا. توانای دەرهێنانی یاسا و نەخشەی ڕامیاری و بوودجەی داراییی نیشتمانیی هەیە و، دەسەڵاتی پشتڕاستکردن (تەصدیق)ـی ڕێککەوتننامە و پەیماننامە و پەیمانگەریی دەوڵەتی و جیهانیی هەیە.
بڕیاری کۆبوونەوەکانی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان، بە کۆی دەنگی سێ لە چواری هەموو دەنگەکان دەدرێ. دەنگی بەشدارنەبووی نوێنەران بەپێی داوای نووسراویان وەردەگیرێ.
١. دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان بانگی مافی چارەنووسی کورد دەدات، یانی مافی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی لەسەر هەموو خاکی نیشتمانیی کوردستان.
٢. دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکخستنی هەموو تێکۆشان و توانا نیشتمانییەکان تێدەکۆشێ و هەموو ڕێبازێک بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە ژێردەستیی داگیرکەرانی بێگانە و مافی بەکارهێنانی هەموو ڕێگەیەکی خەباتی ئازادیخوازانە بەکار دێنێ.
٣. گرنگی و باییخی زۆر دەدات بە گفتوگۆ و پەیوەندیی، لەسەر بناخەی داننان بە مافی سەربەخۆییی کوردستان، لەسەر بنەمای مافی یەکسانیی گەلی کورد لەگەڵ هەموو گەلاندا و بێ دەستێوەردانی کاروباری نێوخۆی هیچ لایەک، بە ئامانجی پشتگیری و بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە نێوچەکە و لە جیهاندا.
٤- وەدەسخستنی پشتگیریی جیهانی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان و وەدەستخستنی پشتگیریی جیهانیی بۆ داوای مافی ڕەوای گەلی کورد بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانی و دیموکرات و بێ لایەن.
٥- گەشەدان بە پەیوەندیی برایەتی لە نێوان هەموو هاونیشتمانییەکان و هەموو ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و ڕۆشنبیرییەکان و کۆمەڵایەتییەکاندا، ئامادەکردنی هەلێکی گونجاو بۆ هاوبەشیکردن لە چالاکیی خەباتی سەربەخۆیییدا.
کۆنگرە دەبێ ئەوە مسۆگەر بکات کە ئەو هاووڵاتیی و ڕێکخراوە و کۆمەڵانە کە تاکو ئێستا دەستووری کۆنگرەیان پەسەند نەکردووە، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ڕێبازەکانی ئەم دەستوورەدا کار بکات، لە کاتێکدا کە ئەوە پێویست بێ بۆ گەشەپێدانی یەکێتیی نیشتمانیی و خەباتێکی بەرفراوان بۆ سەربەخۆییی کوردستان.
- تێبینی ١- هەر کۆمیتەیەک لە پێنج تا حەوت نوێنەر (ئەندام) پێک دێت. ئەندامی کۆمیتەکان لەلایەن سەرۆک و جێگرەکانییەوە دیاری دەکرێن.
تێبینی ٢- کۆمیتەکان دەبن بە ئۆرگانی ڕاوێژکاریی کۆنگرە و سەرۆک. دەبێ کۆمیتەکان وەک ئۆرگانی بەندبوو و یارمەتیدەری کۆنگرە بن، نەک لە جیاتی کۆنگرە بن.
تێبینی ٣- ئەم کۆمیتانە (کۆمیتەکانی سەر بە دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان) پاش دامەزراندنی یەکەم حکومەتی نیشتمانیی کوردستانیش درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن و، بەردەوام دەبن لەسەر ئەرکی پێسپێردراویان.
تێبینی ٤- لە چ کات و جێگەیەکدا هەلی ئازاد و دێموکراتیک بۆ هەڵبژاردن لە کوردستاندا ڕەخسا، ئەو کاتە شێوەی هەڵبژاردن گەلیی دەبێت و هەموو مرۆڤێک خۆی هەڵدەبژێرێ بە نوێنەری نێوچەی دانیشتنی یان هەر نێوچەیەک کە خۆی هەڵی دەبژێرێت.
حکوومەت (میریی)
١- حکوومەتی کوردستان پاش ئامادەکردنی بارودۆخی گونجاو بۆی پێک دەهێنرێ.
٢- سەرۆکی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتی پێکهێنانی حکوومەت دەداتە یەکێک لە نوێنەرانی دەزگە. لەسەر سەرۆکی حکوومەت پێویستە بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەکانی سوود و قازانجی نیشتمانەکەی بەرچاو بگرێ.
٣- پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان، سەرۆکی حکوومەت داوا لە سەرۆکی کۆنگرە دەکات بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی وەرگرتن و دەستپێکردنی ئەرکی دەسەڵاتی کاری جێبەجێکردنی حکوومەتی پێبدری.
٤- ڕەوایەتیی حکوومەت و بەردەوامبوونی لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەندە بە پەسەندکردنی سیاسەتی حکوومەتەوە لە لایەن زۆربەی نوێنەرانی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستانەوە.
٥- توانا و دەسەڵات و شێوەی حکوومەت لە لایەن دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستانەوە دیاری دەکرێ، ئەوەش بە ڕەزامەندیی سەرۆکی کۆنگرە (سەرۆکی دەزگە) و پێش دروستبوونی حکوومەت و بە پێی هەل و مەرجی نیشتمانیی و جیهانیی کوردستان.
سەرۆکی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان!
١- سەرۆک بە هەڵبژاردنێکی نهێنی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێ. سەرۆک دەتوانی جارێکی دی و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە. سەرۆک دەبێ خوڕەوشتی کەسیی باشی هەبێ و خاوەنی بیروباوەڕی نیشتمانپەروەرانە بێ و زیرەکی و زانیارییەکی تەواوی هەبێ لە باس و بابەتی نیشتمانیی و جیهانیی کوردستاندا.
٢- سەرۆک نابی ئەندام بێ لە هیچ حیزب و کۆمیتەیەکدا.
٣- سەرۆک دەبێ کاربکا بۆ بەدیهێنانی ئەو کار و ئەرکەی خراوەتە سەرشانی بە پێی ئەم دەستوورە و، بە چالاکی لە پێناوی ئامانجەکانی کۆنگرەدا تێبکۆشێ و هەموو ساڵێک ڕاپۆرتێکی ساڵانە بداتە کۆبوونەوەی کاتی.
٤- سەرۆک دەبێ کارەکانی بە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ کارەکانی کۆمیتە هەمیشەییەکاندا بگونجێنێ و دەبێ بەلای کەمەوە چوارجار لە ساڵێکدا سەرۆکی کۆمیتەکان ببینێ لە هەل و مەرجی ئاساییدا.
٥- سەرۆکی دەزگەی بەرزی نیشتمانیی کوردستان، دەسەڵاتی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکوومەتی هەیه لە پایەی نیشتمانیی و جیهانی دا.
بناخەی دەستوورەکە
١- ئەم دەستوورە، وەک یاسای سەرەکیی کوردستان بەکار دەهێنرێ و، لە هەموو ناوچەکانیدا دەچەسپێنرێ و کاری پێدەکرێ تاکو بانگدان و پەسەندکردنی دەستووری کۆتاییی دەوڵەتی کوردستان لە لایەن گەلەوە.
٢- ئەم دەستوورە هەموو ئەو دەستوور و یاسایانە پووچ دەکاتەوە کە دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستان لە کوردستاندا بەڕێوەیان بردووە.
٣- ئەم دەستوورە دەکەوێتە کار پاش پەسەندکردنی لە لایەن کۆنگرەوە.
٤- ئەم دەستوورە لە ڕۆژنامەی ڕەسمی (بڕواپێکراو) و گۆڤارە کوردییەکان و جیهانییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە و ئاگاداریی هەموو کەسێکی پێویست دەکرێ.
دەستکاریکردنی دەستوورەکە
١- ئامانجەکان و پرنسیپەکان و خاڵەکانی تایبەت بە ستراتیژیی نەتەوەیی و ڕامیاریی کۆنگرە کە بەندی سەرەکیی ئەم دەستوورەن، ناگۆڕدرێن و، هەر جۆرە داوایەک بۆ ئاڵوگۆڕکردن و دەستکاریکردنی دەدرێتە دواوە.
٢- هەر جۆرە دەستکاریکردن و گۆڕانێک لەم دەستوورەدا پاش سەربەخۆییی نیشتمانیی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
پەسەندکراوی چوارەمین کۆنگرەی – کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
لە ندەن ١٠/١١-١٩٩٨زایینی – ٢٦٩٨ی کوردی