پەیامی سیروان کاوسی بۆ کۆبوونەوەی دەسبەکارکردنەوەی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان!
هاوبیرانی هێژا سڵاوی ئازادی و سەربەخۆییتان لێبێ، هیواموایە تەندروست بن.
جێی شانازی و خۆشییەکی گەورەیە بۆم کە ئەمڕۆ لەنێو بەشێک لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی جیلی نوێی کوردستان باس لە دەسپێکردنەوەی خەبات و چالاکیی نەتەوەیی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دەکەین. هاوکات شانازییەکی گەورەشە بۆ ئێوەی هێژا کە بڕیارێکی مێژووییتان داوە لەژێر ناوی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتی پیرۆزی نەتەوەیی و تێکۆشین لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان درێژە پێبدەن.
هاوبیرانی هێژا!
دەزانین خەبات لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان پتر لە چەرخێکە درێژەی هەیە و سەرەتای بزاڤی زرگاریخوازانەی کوردستان بە رێبەرێتیی سەرکردەی کورد بەڕێوەچوون لە سەرۆکهۆز و میر و کەسایەتیی ئاینی و کۆمەڵایەتیی پێکهاتبوون و مامۆستای گەورە جەمال نەبەز ئەو پڕۆسەی بە قۆناخی رێبەرانی کلاسیکی کورد نێوناسکردووە و، لە شێخ عوبەیدووڵڵای شەمزینییەوە دەسپێدەکا و بە بزاڤی مەلامستەفا بارزانیی کۆتایی پێدێت. لەگەڵ تێکۆشینی رێبەرانی کلاسیکی کورد، هەر لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٥ و ١٩٣٧ چەندین رێکخراوەی نەتەوەیی وەک کۆمەڵەی هیوا، کۆمەلەی برایەتی و کۆمەلەی دارکەریان لە باشووری کوردستان دامەزران، مامۆستا رەفیق حیلمی، شێخ مەحموودی حەفید و دڵدار شاعیری ”ئەی رەقیب” لە ریزی ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو رێکخراوە نەتەوەییانەدا بوون. لەبەر ئەوە کاتێک شای کوردستان شێخ مەحموودی سەربەخۆیی راگەیاند، بابەتەکە وەک رووداو و هەڵوێستێکی کەسی و لەناکاو نەبوو، بەڵکوو پێشووتر لە چوارچێوەی رێكخراوەدا خەباتی بۆ کرابوو.
لەو سەردەمەوە تاکوو ئەمڕۆ خەبات لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن کەسایەتی ئەکادمی و نووسەر و سیاسەتکار یان رێکخراوەی نەتەوەیی درێژەی پێدراوە. ئەگەر بمانەوێ بەراورد بکەین لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا دەبینین ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و بیری کوردستانیی زۆر لاوازترێکە لە رابردوو. هۆی ئەمەش بێگومان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی جێنۆسایدی بەردەوام و بەربڵاوی سەت ساڵەی داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەتیی جێنۆسایدی زمان و چاند و فەرهەنگ و مێژووی کورد، بەڵام بەشی زۆری پاشەکشێکردنی کورد لە بەرامبەر بیری خۆییبوون دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی حیزبی نانەتەوەیی لە کوردستان و سیاسەتێکی هێند رووخێنەریان بەرامبەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان گێراوە و دەیگێڕن کە بە راستی حیزبی کارەساتخولقێنەرنبۆ کورد، نەک حیزبی رزگاریخوازی کوردستان.
لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست شێخ موحموود مەملەکەتی سەربەخۆی کوردستان لە هەرێمێکی بچووک لە باشوور رادەگەینێ، کەچی لە دوا چارەکی سەدەی بیست سەرکردەی کورد دوای کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە و سووتاندنی کوردستان گوێنادەنە ئەو پشتیوانییە نێونەتەوەییەی بەرامبەر کورد سەریهەڵداوە، دەچنە بەغدا و قەپۆزی سەددامی خوێنخۆر ماچدەکەن و داوای ئۆتۆنۆمی لێدەکەن؛ چارەکی یەکەمی سەدەی بیست لە سێ بەشی رۆژهەڵات و باشوور و باکوور نەتەوەی کورد راپەڕینی گەورەی هەڵگیرساند بۆ ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام لە چارەکی یەکەمی سەدەی (٢١) و دوای پتر لە سەت ساڵ قوربانیدان سەرکردەی پێ کێ کێ داوای خۆبەدەستەوەدان و چەکدانان و دێمۆکراسی بۆ ترکیا دەکات!؟ حیزبی نانەتەوەیی کوردزمان کەرکووک و نیوەی خاکی باشووری کوردستان تەسلیم بە داگیرکەر دەکاتەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوە باوردۆخی حیزبەکانێتی کە هێند لاواز و پەرتەوازە و ناکۆکن ناتوانن لەسەر خاڵێکی هاوبەش و بنەڕەتیی رێبکەون.
ئەمانە هەموومان دەیزانین چۆنکە نەتەوەیین و لە روانگەی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە دەڕوانینە پرسی کورد و کێشە و گیروگرۆی. هاوکات لە گەڵ ئەم دۆخە ئاڵۆزە سیاسییەی حیزبەکانی کوردستان بۆ نەتەوەی کوردیان ساز کردووە، هۆشیارییەکی نەتەوەیی دەبینین لە نێو چینی لاوان و خوێندەواری رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە. فیلم و وتار و چالاکیی فەرهەنگی و شێوازی بەڕێوەچوونی بۆنەی نەتەوەیی و چالاکیی مەدەنی بە تێکرا پێمانیدەڵێ ئەم بەشە لە رۆژی ئیمڕۆدا بە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی دیکە چەندین هەنگاو لە پێشترە، لە دوو بەشی باکوور و باشووری کوردستانیش گەلێک کۆڕ و کۆمەڵەی رۆشنبیریی نەتەوەیی سەریانهەڵداوە کە ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە پێویستییەکی زۆری هەیە بە بوونی سازییەکی نەتەوەیی وەک کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بتوانێ سەرنجی هەموو نەتەوەپەروەرانی کوردستان بۆ لای خۆی راکێشێ و ببێت بە چەترێکی نەتەوەیی بۆ سەرتاسەری کوردستان.
هاوبیرانی خۆشەویست!
خەباتی نەتەوەیی جیلەکانی پێشوو بە کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانیشەوە دوور لە هەڵە و گیروگرۆ نەبوون، کاژیک و پاسۆک و دواتر کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان سەرەڕای هەموو دڵسۆزینواندنێک نەیانتوانی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان گەشە بکەن. ئەزموونی خۆمتان پێدەڵێم لە کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان ساڵانێک گەورەترین سازیی نەتەوەیی بوو لە دەرەوەی وڵات تا رادەیەکیش لق و پۆپی بە کوردستانیشدا بڵاوبوویەوە، مخابن زیاتر لە دەساڵێک لەمەوبەر بە هۆی کێشەی سەرۆک و سەرۆکایەتیی لە خەبات و چالاکیی وەستا، ئابوورییەکی ناروون و دیپلۆماسییەکی لاواز و چەندین خاڵی لاوازتری دیکە هۆکاربوون کۆنگرە لە خەبات و چالاکیی بوەستێت کە ئەمەش بێگومان پێویستی بە لێکدانەوەی ورد و کاتی گونجاو هەیە.
لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە نیشتمانپەروەرانی جیلی تازەم ناسین لە نێویاندا هاوبیر مانی رەحیمی و هاوبیر عەتا جەمالی زیاتر سەرنجمیان راکێشا بەوەی وەک بەشێک لەو رۆشنبیرانە نین ناو بەناو و کات دەسبدات بۆیان چالاکییەک ئەنجامبدەن یان بابەتێک بنووسن، ئەم دوو بەڕێزە بە بەردەوامی و خۆبەخشانە تێکۆشیون بۆ بڵاوکردنەوەی هزری نەتەوەیی و هەوڵێشیانداوە بۆ داڕشتنی بەردی بناخەی سازییەکی نەتەوەیی بە شێوازێکی هاوچەرخانە. لەبەر ئەوە کاتێک پێشنیازی ئەوەیان کردپێم پشتگیرییان بکەم کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دەسبکاتەوە بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی و کۆنگرە ببێتەوە بە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو نیشتانپەروەران لە کوردستان و لە دەرەوە. بە خۆشحاڵییەوە داوا و پێشنیازەکەیانم قبوڵکرد، دڵخۆش بووم رەنجی هاوبیرانی پێشووی کۆنگرە بە فیڕۆ نەچووە، لە بەر ئەوە ئامادە بووم ماڵپەڕی زەنگینی کۆنگرە بدەم پێیان، لە داهاتووی نێزیکیشدا هەرچی ئەرشیڤ و بەڵگەنامە لە چەند شوێنێک هەڵمگرتوون، لەخزمەتی ئێوە هاوبیرانی بەڕێزی دادەنێم.
لە کۆتاییدا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو رەنگە بێسوود نەبن. رێکخراوەیەکی نەتەوەیی پێویستییەکی زۆری هەیە بە دابینکردنی دارایی سەربەخۆ. کۆمیتەیەکی شارەزای بواری دارایی دەتوانێ کۆنگرە بکات بە سازییەکی زەنگین و سەربەخۆ بتوانێ ئەرک و پێداویستییەکانی پێ دابین بکات. بابەتی راگەیاندن گرنگیی زۆری هەیە هزر و هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو جەماوەری کوردستان بڵاوبکاتەوە. ئەوجا سازکردنی رێکخستنی نەتەوەیی لەو بەشانەی کوردستان لەژێر دەسەڵآتی داگیرکەراندان، هەروەها دامەزرانی کۆمیتەی دیپلۆماسی شارەزا، زمانزان و پسپۆڕ لە بواری دیپلۆماسی.
بابەتێکی دیکە پێوەندیی بە پێڕەوی نێوخۆی کۆنگرەوە دەبێ، پێموایە رەچاوکردنی پێویست و گرنگە، ئەویش بابەتی سەرۆک و سەرۆکایەتییە پێویستە شێواز و میکانیزمێک دابڕێژرێ هیچ هاوبیرێک با زۆر دڵسۆز و چالاک و زیرەکیش بێ، نەتوانێ دەسگە نەتەوەییەکە بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. دیسانەوە ریسەکە نەبێتەوە بە خوریی!
هاوبیرانی خۆشەویست!
بە خەبات و تێکۆشینی پیرۆزتان دڵخۆش و گەشبینم. دڵنیام بە بوونی ئێوەی زانا و نەتەوەیی، نەتەوەی کورد داهاتوویەکی رۆناک و گەشی دەبێت. بەخێر بێن بۆ کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، بۆ کۆنگرەی مامۆستای بیری نەتەوەیی مامۆستا جەمال نەبەز کە دامەزراندنی کۆنگرە لە سالانی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بیرۆکەی ئەو بوو، کۆنگرە ساڵانێک سەکۆی خەباتی دەیان کەسایەتی ئەکادمی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کوردستان بوو. کۆنگرە ببوو بە جێی هومێدی هەزاران دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. دڵنیام جیلی تازەی نەتەوەیی بە خەبات و تێکۆشینی دڵسۆزانەتان کۆنگرە دەگەیەننە ئاستێک ببێت بە زمانڕەوش و بەرپرسیاری پرسی کورد لە نێوخۆی کوردستان و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی.
هەر هەبن بۆ خزمەتی بیری پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان!
هەر شەکاوە بێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان!
برا و هاوبیرتان: سیروان کاوسی
٩/١١/٢٠٢٥