ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان
ئەزموون پێمان دەڵێ، کۆئازار بەهێزترین ڕانەری یەکدەنگیی نەتەوەیی بووە لە کوردستان ـدا. بەڵام هەمان ئەزموون پێمان دەڵێ ئەو یەکدەنگییە نەتەوەییەی کە بەهۆی ئەو تاکە هۆکارەوە دروست دەبێت نەیتوانیوە ببێتە یەکدەنگییەکی سیاسی، کە کورد بەرەو ئاقاری ڕزگاریی وڵات و نەتەوەکەی ببات، بەڵکوو هەر جارە و ئەوەی کە بۆ کورد دەرفەت بووە و بۆ دوژمنانی قەیران، بەهۆی هۆشیاریی دوژمنان و ناهۆشیاریی کوردەوە پێچەوانە کراوەتەوە، واتە لە بەرژەوەندیی دوژمنانی کوردستان و لە زیانی کوردستان کۆتایی هاتووە.
ئێستا کە برینێکی هاوکات لەلایەن سێ دوژمنی کوردستانەوە: ئێران بە ڕەشەکوژیی کرماشان، ئیلام و لوڕستان، سووریا بە داگیرکاری و هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا بە پیلانی ئاشتی دژی داهاتووی هەردووک باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کەوتۆتە جەستە و گیانی نەتەوەی کوردەوە، ئەم برینە بە دوو شێواز دەتوانێ ماتەوزەی ڕزگاریدەریی ئەم وەخەبەرهاتنەوە کوردستانییە لەبار ببات. لەلایەکەوە بە بەدگۆڕانی کڕۆکی ئەو کۆدەنگییەی لەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە بەرەو دەرکەوتنێکی کلتووری و جوانیناسانە بەڵام ناڕزگاریدەر و لەلایەکی دیکەوە بەو کۆبێدەنگییەی بەپاساوی داخرانی پەیوەندییەکان سەبارەت بە پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیلام و کرماشان و لوڕستان هاتۆتە ئارا، پێدەچێ ئەم دەرفەتەش لە بەرژەوەندیی دوژمنانی کوردستان کۆتایی بێت و مێژووی داگیرکراویی کوردستان درێژتر ببێتەوە.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان کە لەسەر بنەمای کوردستانیبوون، خۆی وەک ئەرکهەڵگری ئامانجی نەتەوەیی کوردستان، واتە سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەیی پێناسە دەکات، جیا لەوە کە پێیی وایە چارەنووسی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان لێک گرێدراوە و پرسی هیچکام لە بەشەکانی کوردستان بەبێ ئامادەیی و خۆ بەخاوەنکردنی پرسی بەشەکانی دیکەی ناتوانێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەر هەڵبگرێت، هاوکات دۆخی هیچ بەشێکی کوردستان نابێ لەپێناو بەشەکانی دیکەدا فەرامۆش بکرێت. منداڵێکی کرماشانی و منداڵێکی کۆبانێ و منداڵێکی ئامەدی و منداڵێکی هەولێری بە یەک ئاست نەوەی داهاتووی کوردستانن. خاکی کۆبانێ و هەولێر و ئامەد و کرماشان بە یەک ئاست خاکی کوردستانن. ئەم ڕوانینە پێمان دەڵێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی گەنج و لاوی هەموو کوردستان ئەرکباری پاراستنی هەموو خاک و خەڵکی وڵاتن، یەکترپارێزیی نەتەوەیی بەمانای چۆل کردنی بەشێکی کوردستان لەپێناو بەشەکانی دیکەی نییە بەڵکوو ئەوە ئەرکی بزووتنەوەی سیاسیی ئەو بەشانەیە کە دەبێ بە یەک-ئامانجی و هاودەنگی و هاوکاری لەسەر بنەمای گوتار و کردەوە، ئەو یەکانگیرییە نەتەوەیی-نیشتمانییە بسەلمێنن نەک ئەوەی لەو کاتانەدا کە لاوانی کوردستان لەژێر کاریگەریی هەست و سۆزی نەتەوەییدا سنوورەکان دەبەزێنن، بزووتنەوە سیاسییەکان بە هەڵسوکەوتی بەرژەوەندیخوازانە سنوورەکان زەقتر و مەوداکان فراوانتر بکەنەوە.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لەلایەکەوە هۆشداری دەدات سەبارەت بە هەوڵە ژێرهۆشییەکانی نزۆک کردنی ئەو کۆدەنگییە بەرفراوانەی لەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئاراوە و لەلایەکی دیکەوە هۆشدارییەکی جدی دەدات سەبارەت بە بێبایەخ کرانی خوێنی شەهیدانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان. بەشێوەیەک کە ئەگەر مێدیاکان، ڕووناکبیران و چالاکانی خۆبەرپرسیارکەر پێش بە بەکارناڤاڵکردنی پرسی خاک و نەتەوە نەگرن، ئەگەر پێش بە پیلانی دوژمنانەی ئێرانی بۆ دروستکردن و فراوانکردنەوەی کەلەبەری ناسنامەیی و نیشتمانی لەنێوان سێ پارێزگای لوڕستان، ئیلام و کرماشان لەگەڵ سنە و ورمێ نەگرن کە ئێستا لەگەڕدایە، داهاتوویەکی زۆر خراپ چاوەڕوانی هەموو کوردستان دەکات.
بانگەوازی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە لە درێژەی ڕەوتی هاوپشتییەکاندا، کوردستان وەک خاک، زیاترین ڕەنگدانەوەی لە خۆپێشاندان و هەڵمەتە جەماوەرییەکان و هەوڵە دیپلۆماتیکەکاندا هەبێت و کوردستانیبوون، واتە پێکبەستەییەکی نیشتمانی، کە مرۆڤی کورد بە خاکەوە گرێ بدات نەک تەنیا بە خوێنەوە، ببێتە چەقی ئەو یەکانگیرییە بە ئامانجی ڕزگاریی وڵات لە دۆخی داگیرکراوی و دەربازکردنی نەتەوەکەمان لە دۆخێ بێدەەڵەتی و هاوکات کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بە ئەرکی دەستووریی خۆی دەزانێت لە هەموو گۆڕەپانە مومکینەکاندا بەرپرسیارێتیی کوردستانیی خۆی هەڵبگرێت و کوردستانیان لە ڕەوت و ئەنجامی هەوڵەکانی ئاگادار بکاتەوە.
پێکەوە، بەرەو ئامانجی دەوڵەت و سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەیی…
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
٢٥ی جانیواری ٢٠٢٦
٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
Comments
دەسخۆشیتان لێدەکەم زۆرم پێ باشە