کوردستانیانی سەربەرز!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕیزی حیزبە سیاسییەکاندا!
دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران، وەرچەرخانێکی ستراتیژیی مێژووییە لە هاوسەنگیی هێزدا و دوایین قۆناغی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بۆ گۆڕینی ڕوخساری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەم بۆنەیەوە، کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات کۆتایی بە هەموو ناکۆکی و ناتەباییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و زۆر بە خێرایی لەپێناو هێزمەند کردنی زیاتری بزووتنەوەی نەتەوەیی و قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە لەم بەشەی کوردستان، هەموو لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی، پەیوەست بن بەم هاوپەیمانییەوە بۆ مەبەستی دابەشکردنی ئامانجداری ئەرک و کارەکان بەسەر هەموو ئەو سەرچاوە سیاسی، دیپلۆماتیک و سەربازییانەی کە بەسەر لایەنەکاندا دابەش بوون.
هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نەتەوەیی خۆیان لەپێناو ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی ئەم بەشەی وڵاتمان هەڵگرن و خەڵکی خۆڕاگر و لەخۆبوردووی کوردستان دڵنیا بکەنەوە کە ئێوە پارێزەری شکۆمەندی خاک و خەڵکی کوردستانن.
دیاسپۆرای چالاکی کورد، لە هەموو گۆڕەپانەکاندا ( شەقامەکان، پارلمانەکان، ناوەندە سیاسییەکان، ناوەندەکانی بڕیاری سیاسیی دەوڵەتان)، هەموو هێز و توانایی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ کاریگەری دانانی ئەرێنی لەسەر داهاتووی سیاسی و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
خەڵک، هێزە سیاسییەکان و هەموو ماتەوزە نەتەوەییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەسەر هێڵ بن بۆ پشتیوانی لە ڕەوتی بەرەو داهاتووی چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەرەو ڕزگار کردنی سێهەم بەشی خاکی پیرۆزی کوردستان!
خودا کوردستان بپارێزێت
خودا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بپارێزێت
خودا خەڵکی سەرفراز و ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزێت.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
٢٨ی فێبریوەری ٢٠٢٦