Kongreya
Niştimanîya
Kurdistana

کۆنگرە

کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان (KNC)

لە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییەوە بۆ ئەندازیاریی دەوڵەت

١. ناسنامەی دامەزراوەیی

کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان (KNC)، باڵاترین دامەزراوەی سیاسی و ستراتیژیی سەربەخۆیە لە دەرەوەی وڵات، کە وەک دەزگایەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسیی کوردستان و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە دامەزراوە. کۆنگرە پارتێکی سیاسی نییە کە کێبڕکێی پارتەکانی تر بکات، بەڵکو پڕۆژەیەکی نەتەوەسازییە (Nation-Building Project). کۆنگرە وەک “دەزگایەکی نیشتمانی” لە تاراوگە کار دەکات؛ ئەو شوێنەیە کە تێیدا جیاوازییە حیزبی و ئایدیۆلۆژییەکان دەتوێنەوە و هەمووان لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا، کار بۆ ئامانجێکی هاوبەش دەکەن: گواستنەوەی دۆزی کوردستان لە قۆناغی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕییەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی “سەروەری و دەوڵەتداری”.

٢. ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی: میراتی ١٩٨٥

کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، دامەزراوەیەکی درێژکراوەی قوڵترین هێڵی هزریی دەوڵەتخوازانەی نەتەوەی کوردە. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن بیرمەندی سەربەخۆیی کوردستان مامۆستا جەماڵ نەبەز و کۆمەڵێک لە هاوبیرانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دامەزرا. لەو سەردەمەدا، کە گوتاری باوی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی داواکاریی بچووک و لۆکاڵیدا قەتیس مابوو، کۆنگرەی نیشتمانی وەک پێشەنگێکی بوێر هاتە مەیدان و بە دەنگێکی بەرز و ڕاشکاوانە باوەڕی بنچینەیی خۆی لەسەر “سەربەخۆیی تەواوەتیی کوردستان” و “یەکپارچەیی خاکی کوردستان” داڕشت. لە ماوەی تەمەنی پڕ سەروەریدا، کۆنگرە شەش (٦) کۆنگرەی گشتیی بەستووە. لەم مێژووەدا، بەردەوام پارێزگاری لە ڕەوایی دامەزراوەیی و پەیڕەوی ناوخۆ کردووە، وەک تاکە مەرجەعی باڵا کە سازش لەسەر بستێک لە خاکی کوردستان ناکات.

٣. فەلسەفەی سیاسی: تاراوگە وەک قوڵایی ستراتیژی

فەلسەفەی نوێی کۆنگرەی نیشتمانی لەسەر بنەمای گۆڕینی ڕۆڵی “تاراوگە” دامەزراوە. ئێمە ڕەوەندی کوردی وەک پەنابەر یان قوربانی نابینین، بەڵکو وەک “قوڵایی ستراتیژی و بەستێنی ئازاد” بۆ پرسی دەوڵەتسازی پێناسەی دەکەین. لە کاتێکدا خاک لەژێر داگیرکاریدایە، تاراوگە دەبێتە ئەو پانتایییە ئازادەی کە تێیدا عەقڵی کوردی دوور لە سەرکوت، دەتوانێت بە ئازادی نەخشەی دەوڵەتی داهاتوو دابڕێژێت. لێرە، ئێمە تەنیا سیاسەت ناکەین، بەڵکو بنەماکانی سەروەریی نەتەوەیی بۆ کوردستان دادەڕێژینەوە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە توانای مرۆیی و ماددیی دەرەوە بۆ خزمەتی ڕزگاریی خاکی کوردستان ئاراستە بکەین.

٤. زەروورەتی دەستبەکارکردنەوە: بۆچی ئێستا؟

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، کۆنگرەی نیشتمانی بە قۆناغێکی “بێدەنگیی”دا تێپەڕی. بەڵام ئەمڕۆ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی داگیرکەر لەبەردەم گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی و داڕمانی سیستەمیدان. ئەم دۆخە نوێیە، “بۆشاییەکی ستراتیژی” دروست دەکات کە ئەگەر کورد بە پلان و دامەزراوەی یەکگرتوو پڕی نەکاتەوە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. دەستبەکارکردنەوەی کۆنگرە لەم کاتەدا، وەڵامێکی بەرپرسیارانەیە بۆ ئەم دەرفەتە. ئێمە گەڕاوینەتەوە چونکە باوەڕمان وایە کورد چیتر نابێت “تەماشاکەر”ی ڕووداوەکان بێت، بەڵکو دەبێت “بەشدار و ئەندازیار”ی ڕزگاریی نەتەوەیی و قۆناغی دوای داڕمانی داگیرکەران بێت.

٥. ئەرکە باڵاکان: ئەندازیاریی دەوڵەت

بەپێی زاگۆن وەک دەستووری بنەڕەتی و دۆکتۆرینە ستراتیژییەکان، ئەرکەکانی کۆنگرە لە چوارچێوەی پرۆسەی نەتەوەسازییدا بریتین لە:

  • دانپێدانان بە زاگۆن وەک یاسای دەستووریی: دانپێدانان بە زاگۆنی کۆماری کوردستان وەک دەستووری کوردستان و یاسا بنەڕەتییەکان، بۆ ئەوەی لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنی دەوڵەتدا، وڵات خاوەنی ژێرخانی یاسایی بێت و هەروەها لە سەردەمی داگیرکاریشدا ئاڵنگارای یاسامەندی داگیرکەر بکات.
  • داڕشتنی دۆکتۆرینی ئاسایش: ئامادەکردنی ستراتیژیی بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی “ناوەندی ستراتیژی”یەوە، بۆ ئەوەی هێزی بەرگریی کوردستان لەسەر بنەمای زانستی سەربازیی مۆدێرن دروست ببێت.
  • دیپلۆماسیی دەوڵەت: کۆتاییهێنان بە دیپلۆماسیی حیزبی و مامەڵەکردن وەک تاکە نوێنەری ڕەوای کوردستان لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە جیهانییەکان (واشنگتۆن، لەندەن، بەرلین).
  • دامەزراوەسازیی ئابووری: داڕشتنی نەخشەڕێگای ئابووریی سەربەخۆ، بەڕێوەبردنی وزە، و دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێودەوڵەتی.

٦. پەیکەری دامەزراوەیی

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە مەزنانە، کۆنگرەی نیشتمانی لەسەر شێوازی دەوڵەتێکی مۆدێرن پێکهاتووە:

  • ئەنجومەنی گشتی: بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە (وەک پەرلەمان) کە نوێنەرایەتیی هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان دەکات و بڕیار لەسەر سیاسەتە گشتییەکان دەدات.
  • دەستەی کارگێڕی: بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان و بەڕێوەبردنی فایلی دیپلۆماسی و ڕاگەیاندن.
  • ناوەندی ستراتیژی و توێژینەوە: دامەزراوەیەکی پسپۆڕە کە ئەرکی “بیرکردنەوە” و “پلاندانان”ـە بۆ دۆکتۆرینەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی و هێزە نەتەوەییەکانی کوردستانە بۆ هەنگاونان بەرەوە ڕزگاریی و بنیاتنانی دەوڵەت داهاتوو.

کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ میراتگری فەرمیی خەباتی ١٩٨٥ و هەڵگری مەشخەڵی دەوڵەتسازیی ٢٠٢٦ـە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێین: کورد نەتەوەیەکە ئامادەی دەوڵەتدارییە و ئیرادەی ئێمە لە پۆڵا بەهێزترە.